١٠ هۆکار بۆ قەڵەوبوون

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-11-20-23:30:00 - کۆدی بابەت: 7233
١٠ هۆکار بۆ قەڵەوبوون

ناوه‌ڕۆك

قەڵەوی و هەبوونی ورە

قەڵەوی یەکێکە لە گەورەترین کێشەکان لە جیهاندا، کە پەیوەندیدارە بە هەندێک بارودۆخی تایبەتەوە و بە شێوەیەکی گشتی وەک ناڕێکییەکانی زیندە چالاکی ناسراون، کە بریتین لە بەرزی پەستانی خوێن و بەرزبوونەوەی شەکری خوێن و کەمی چەوری خوێن و هەبوونی ناڕێکییەکانی زیندە چالاکی کە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکی ڕووبەڕووی مەترسی زیاتری نەخۆشییەکانی دڵ و جۆرەکانی شەکرە ببێتەوە بە بەراورد بەوانەی کە کێشێکیان ئاساییە، بە درێژایی چەند دەیەی ڕابردوو زۆرینەی توێژینەوەکان سەرنجیان خستبووە سەر ئەوەی کە چۆن چارەسەرێک بۆ ڕێگری لە قەڵەوی بدۆزنەوە، زۆرینەی خەڵک وابیردەکەنەوە کە زیادبوونی کێشیان و قەڵەوبوونیان بەهۆی کەمی ورەوەیە، ئەوە بەتەواوی دوورە لە ڕاستییەوە، هەرچەندە زیادبوونی کێش تا ڕادەیەکی زۆر لە ئەنجامی هەڵسوکەوت و شێوازی ژیانە لە خواردندا، بەڵام هەندێک کەس زیانیان پێدەگات کاتێک بابەتەکە دێتە سەر کۆنتڕۆڵکردنی ئارەزووەکانی خواردنیان، بابەتەکە ئەوەیە زیادەڕەوی کردن لە خواردن پەیوەندیدارە بە هۆکاری جۆراوجۆری بایۆلۆجی وەک بۆماوەیی و هۆڕمۆنەکان، هەروەها کەسانێکیش هەن بۆ بەدەستهێنانی کێش خۆیان ئامادە دەکەن، بێگومان خەڵکی دەتوانن بە گۆڕینی شێوازی ژیان و هەڵسوکەوتی خۆیان زاڵ بن بەسەر زیانە بۆماوەییەکانی خۆیاندا، هەروەها گۆڕینی شێوازی ژیان پێویستی بە ورە و خۆتەرخانکردن و بەردەوامبوون هەیە، لێرەدا باس لە ١٠ هۆکاری زیادبوونی کێش (قەڵەوی) هەروەها ناڕێکییەکانی زیندە چالاکی دەکەین:

  1. بۆماوەیی: قەڵەوی پێکهاتەیەکی بەهێزی بۆماوەیی هەیە، ئەو منداڵانەی کە خاوەنی دایک و باوکێکی قەڵەون بە ئەگەری زۆرەوە منداڵەکانیان قەڵەو دەبن بە بەراورد بە منداڵی دایک و باوکێکی لاواز، ئەوە مانای ئەوە نییە کە قەڵەوی بەتەواوی لە چارەنوسیدا نووسراوە، بەڵکوو ئەوەی تۆ دەیخۆیت دەتوانێت کاریگەرییەکی سەرەکی هەبێت لەسەر ئەوەی کە بۆهێڵەکان دیاریدەکەن، کۆمەڵگا نا پیشەسازیەکان بە خێرایی قەڵەو دەبن کاتێک دەست دەکەن بە خواردنی شێوازێکی ئاسایی خواردنی ڕۆژئاوایی، بۆهێڵەکانیان نەگۆڕاون بەڵام ژینگە و ئەو نیشانانەی کە ناردویانە بۆ بۆهێڵەکانیان گۆڕان، زۆر بە سادەیی پێکهاتە بۆماوەییەکان کاریگەریان هەیە لەسەر هەستیاری تۆ بۆ بەدەستهێنانی کێش، لێکۆڵینەوەکان لەسەر دووانەکان ئەمە زۆر بە باشی نیشان دەدات.
  2. خواردنی نا تەندروست: به‌ گشتی خواردنە ناتەندروستەکان وا دیزاین کراون کە هەرزان بن و لەسەر ڕەفەکان دانراون و وادەردەکەون تامیان زۆر خۆشە بەڵام لەبەرامبەردا زۆر قورسن بۆ گەدە، بە دروستکردنی خواردنەکان بە بەتامترین شێوە بەرهەمهێنەرانی خۆراک هەوڵ دەدەن فرۆشتن زیاد بکەن بەڵام ئەوان برەو بە زیادەڕەویش دەدەن لە هەمان کاتدا، زۆربەی خواردنە ناتەندروستەکان ئەمڕۆ بە هیچ شێوەیەک لە خواردنەکانی دیکە ناچن، ئەمانە بەرهەمی زۆر ئەندازیارین بۆ ئەوەی خەڵک ببەسترێتەوە بە دیزاینەکەیەوە.
  3. ئاڵوودەبوون بە خواردن: زۆرینەی شیرینییە درووستکراوەکان و خواردنە ناتەندروستەکان ناوەندی مێشک هاندەدات بۆ خواردنیان، لە ڕاستیدا ئەم خواردنانە زۆر جار بەراورد دەکرێن بە دەرمانە بەکارهێنراوە باوەکانی وەک کحول و کۆکاین و نیکۆتین و حەشیش، خواردنی نائاسایی دەبێتە هۆی ئاڵوودەبوون لە مرۆڤە هەستیارەکاندا، ئەم کەسانە کۆنترۆڵیان لە دەست دەدەن لەسەر ڕەفتاری خواردنیان، هاوشێوەی ئەو کەسانەی کە لەگەڵ ئاڵودەبوونی کحولدا تێدەکۆشن و کۆنترۆڵیان لەسەر ڕەفتاری خواردنەوەیان لە دەست دەدەن، ئاڵوودەبوون کێشەیەکی ئاڵۆزە کە دەکرێت زۆر قورس بێت تا زاڵبیت بەسەریدا، کاتێک تۆ ئاڵوودەی شتێک دەبیت، ئازادی هەڵبژاردنەکەت لە دەست دەدەیت و زیندە کیمیایی مێشکت دەست دەکات بە داواکردنی ئەو شتەی ئاڵوودەبوویت پێوەی.
  4. بازاڕکردنی شەڕانگێز: بەرهەمهێنانی خواردنی نائاسایی بازاریگەرێکی زۆر شەڕانگێزە، پلانەکانیان دەتوانن لەکاتیکدا نا دروست بن کە هەندێک جار هەوڵ دەدەن بەرهەمی زۆر ناتەندروست وەک خۆراکی تەندروست بخەنە بازاڕەوە، لە جیهانی ئەمڕۆدا منداڵان تووشی چەندەها نەخۆشی وەک قەڵەوی و شەکرە و ئاڵوودەبوونی خۆراکی ناتەندروست دەبنەوە پێش ئەوەی تەمەنیان بگاتە ئەوەی کە ئاگاداری ئەم باروودۆخانە بن.
  5. ئەنسۆلین: ئەنسۆلین هۆرمۆنێکی زۆر گرنگە کە کۆگای وزە ڕێکدەخات، یەکێک لە ئەرکەکانی ئەوەیە کە بە خانەی چەورییەکان بڵێت چەوری خەزن بکەن تاکوو ئەو چەورییەی کە پێشتر هەڵگیراوە بەکاریبهێنن، ڕێجیمی ڕۆژئاوایی بەرگری دژ بە ئەنسۆلین لە زۆر کەسی قەڵەو بەرز دەکاتەوە، ئەمە ئاستی ئەنسۆلین لە سەرتاسەری جەستە بەرز دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی وزە لە خانەکانی چەوریدا خەزن بکرێت لە جیاتی ئەوەی بەردەستبێت بۆ بەکارهێنان، لە کاتێکدا ڕۆڵی ئەنسۆلین لە قەڵەویدا جێی مشتومڕە، چەند توێژینەوەیەک پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئاستی بەرزی ئەنسۆلین ڕۆڵی هەیە لە پەرە پێدانی قەڵەویدا، یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ دابەزاندنی ئەنسۆلین بریتییە لە کەمکردنەوە و پوختەکردنی کاربۆهیدراتە سادەکان لەکاتی زیادکردن و وەرگرتنی ماددە ڕیشاڵییەکان.
  6. دەرمانە دیاریکراوەکان: زۆرێک لە دەرمانەکان دەتوانن ببنە هۆی زیادبوونی کێش وەک کاریگەرییەکی لاوەکی بۆ نموونە، دژە خەمۆکیەکان بەستراونەتەوە بە زیادبوونی کێشێکی کەم بە درێژایی کات، نموونەکانی تر بریتین لە دەرمانی شەکرە و دەرمانی نەخۆشییە دەروونییەکان، ئەم دەرمانانە ورەی تۆ کەم ناکەنەوە ئەوان کرداری لەش و مێشکت دەگۆڕن، خێرایی زیندە چالاکی کەم دەکەنەوە یاخود ئارەزووی خواردن زۆر زیاد دەکەن.
  7. بەرگری دژ بە لیپتین (Leptin): لیپتین (Leptin) هۆڕمۆنێکی دیکەیە کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە قەڵەوبوون، لەلایەن خانەکانی چەورییەوە بەرهەمدەهێنرێن و ڕێژەی خوێن و چەوری بەرز دەکەنەوە، لەبەر ئەم هۆکارە، ڕێژەی لیپتین (Leptin) بە زۆری لە کەسانی قەڵەودا بەرزترە، لە کەسانی تەندروست ڕێژەی لیپتین (Leptin) پەیوەستە بە کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، کاتێک ئەم هۆڕمۆنە بە باشی کاردەکات، ئەوا بە مێشکت دەڵێت کە ڕێژەی چەورییەکانت چەند بەرزن، کێشەکە ئەوەیە کە لیپتین (Leptin) وەک پێویست لە زۆربەی کەسە قەڵەوەکاندا کار ناکات، لەبەر هەندێک هۆکار ناتوانێت بەربەستی خوێن-مێشک ببەزێنێت، ئەم حاڵەتە بە بەرگری دژ بە لیپتین ناودەبرێت و دەکرێت کە هۆکارێکی پێشەنگ بێت لە نەخۆشی قەڵەویدا.
  8. بەردەستبوونی خۆراک: یەکێکی تر لە هۆکارەکان کە بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر هێڵی ناوەڕاستی جەستەی خەڵک هەیە هەبوونی خۆراکە، کە لە چەند سەدەی ڕابردوودا زۆر زیادی کردووە، خۆراک بەتایبەتی خۆراکی ناتەندروست ئێستا لە هەموو شوێنێک بەردەستە، دووکانەکان خواردنە فریوودەرەکان پیشان دەدەن و لەوانەیە سەرنجی تۆی تێدا بەدەست بهێنن، کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە خواردنە ناتەندروستەکان لە تەندروستەکان و خواردنە تەواوەکان هەرزانترن، هەندێک کەس بەتایبەتی لە گەڕەکە هەژارەکاندا تەنانەت بژاردەی کڕینی خواردنی ڕاستەقینەیان نییە، وەک میوە و سەوزەی تازە، بۆیە کۆگاکانی ئاسانکاری لەم ناوچانەدا تەنیا سۆدا و شیرینی دەفرۆشن، لەگەڵ خواردنی نا تەندروستی لە قوتوونراو.
  9. شەکر: شەکر لەوانەیە خراپترین لایەنی خۆراکی مۆدێرن بێت، چونکە شەکر هۆرمۆنەکان و زیندە کیمیاییەکانی لەشت دەگۆڕێت کاتێک لە ڕادەبەدەر بەکاردێت، ئەمە بە نۆرە یارمەتی زیاد کردنی کێش دەدات، شەکر لە گلۆکۆز و فراکتۆز پێکدێت، زۆرینەی خەڵک دەتوانن لە خۆراکە جیاوازەکانەوە گلۆکۆزیان دەست بکەوێت، بەڵام زۆرینەی فراکتۆز لە پێکهاتەی شەکرەکە خۆیدا هەیە، بەکارهێنانی فراکتۆز دەبێتە هۆی بەرگریکردن دژ بە ئەنسۆلین و بەرزکردنەووی ڕێژەی ئەنسۆلین، هەروەها بە ڕێژەیەی گلۆکۆزیش نابێتە هۆی تێربوون، بەهۆی هەموو ئەم هۆکارانە شەکر بەشداری دەکات لە زیادکردنی کۆگای وزە و لە کۆتاییدا قەڵەوی.
  10. زانیاری هەڵە: خەڵک لە سەرانسەری جیهان بە هەڵە ئاگادار دەکرێنەوە لە تەندروستی و خۆراک، هۆکاری زۆر هەیە بۆ ئەمە بەڵام کێشەکە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بەوەی کە خەڵک زانیاریەکانیان لە کوێوە وەردەگرن، زۆرێک لە ماڵپەڕەکان زانیاری نادروست بڵاو دەکەنەوە دەربارەی تەندروستی و خۆراک، زانیاریەکانی تر لەوانەیە بە ئاسانی کۆن بکرێن یان لەسەر بنەمای ئەو تیۆرانەن کە هەرگیز بە تەواوی نەسەلمێنراون، هەروەها کۆمپانیاکانی خۆراک ڕۆڵیان هەیە هەندێکیان بەرهەمەکان برەوپێدەدەن، وەک پاشکۆکانی دابەزاندنی کێش و بەو شێوەیەش کارناکەن، ڕێگاکانی دابەزینی کێش لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە دەتوانن بەرەوپێشچوونەکەت ڕاوەستێنن، بۆیە زۆر گرنگە کە سەرچاوەکانت باش هەڵبژێریت.


سەرچاوەکان



1751 بینین